ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، قسەی هەڕەشەئامێزی بەرپرسانی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە چڕتر بووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ و بەشێک لە ئەندامانی ئیدارەکەی باسیان لە “هەموو بژاردەکان لەسەر مێز” کردووە و هەوڵیانداوە ئەو پەیامە بگەیەنن کە واشنتۆن ئامادەیە بۆ هەر کارێک لە دژی تاران. بەڵام ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناو کۆشکی سپییەوە بڵاودەکرێنەوە، وێنەیەکی جیاواز لە حیساباتی ڕاستەقینەی حکومەتی ئەمریکا دەخەنە ڕوو؛ وێنەیەک کە نیشان دەدات کە بە پێچەوانەی قسەکانی میدیاکان، هێشتا یەکماێەتی واشنتۆن ڕێگریکردنە لە شەڕێکی سەرتاسەری لەگەڵ ئێران و پاراستنی ڕێگای دیپلۆماسی.
کەناڵی سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا بە ئاشکرا باسی بژاردەی هێرشی سەرتاسەری دژی ئێران دەکات، بە نهێنی داوای لە تیمی دانوستانکاری ئەمریکی کردووە بەردەوام بن لە دانوستان لەگەڵ ئێران. ڕاپۆرتەکە دەریدەخات لە پشت هەڵوێستە توندەکانی ڕاگەیاندن، هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی کەناڵەکانی دانوستان بە کراوەیی بەردەوامن و کۆشکی سپیش پێشوازی لە داخستنی ڕێگەی دیپلۆماسی ناکات.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و دان کاین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، هۆشدارییان دا لە بارەی دۆخی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی هەر پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئێران.
ئەم نیگەرانیانە تەنیا لە پرسی کەرەستەی سەربازیدا سنووردار نین، بەڵکو ڕەهەندە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکانی ململانێیەکی ئەگەری لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.
هەروەها کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەمریکا تا نیوەڕۆی هەینی سیناریۆی جۆراوجۆری بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران تاوتوێ کردووە. لە هەمان کاتدا وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارسیش خوازیاری خۆگرتن و پێشگرتن لە هەر چالاکیەکی سەربازی لە پێوەندی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکادا بوون. ئەم وڵاتانە کە زیاتر لە هەموو یاریزانێکی دیکە بەرکەوتەی لێکەوتەکانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدان، باش دەزانن کە هەر ململانێیەکی بەربڵاوی نێوان ئێران و ئەمریکا دەتوانێت تەحەدای جیددی بۆ ئاسایشی وزە، بازرگانی دەریایی و سەقامگیری ئابووری لە ناوچەکەدا دروست بکات.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەیە کە تەنانەت لە نێوان هاوکارە نزیکەکانی ترەمپ و هەندێک لە فەرماندەکانی پنتاگۆن، هیچ کۆدەنگییەکی بەرچاو نییە بۆ هەنگاونان بەرەو پەرەسەندنی گرژییەکان.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بە پێچەوانەی هەندێک قسەی میدیایی، پێکهاتەی بڕیاردانی ئەمریکا زۆر وریایە لە دەرئەنجامەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران.
هۆکاری سەرەکی ئەم وریاییە پێویستە لە ئەزموونی شەڕی چل ڕۆژەی ئەم دواییەدا بگەڕێین؛ شەڕێک کە زۆرێک لە حیساباتەکانی پێشووی واشنتۆنی سەبارەت بە تواناکانی ڕێگریکردنی ئێران گۆڕی.
لەم ململانێیەدا ئەمریکا هەستی بەوە کرد کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بە پێچەوانەی زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕابردوو، شەڕێکی سنووردار و کۆنترۆڵکراو نابێت. لە ماوەی ئەم شەڕەدا ئێران نیشانی دا کە توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە و دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا تێچووی قورس بەسەر دیوەکەی تردا بسەپێنێت.
لە ڕوانگەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانەوە، گرنگترین دەستکەوتی ئێران لەم شەڕەدا چەسپاندنی ڕێگری بوو. ڕێگریکردن تەنها بە مانای هەبوونی مووشەک یان ئامێری سەربازی نییە، بەڵکوو لە مێشکی لایەنی بەرامبەردا ئەو باوەڕە دروست دەکات کە تێچووی دەستپێکردنی شەڕ زۆر زیاترە لە سوودە ئەگەرییەکان. پێدەچێت ئەمە ڕێک ئەو ئەنجامە بێت کە ئەمڕۆ لە حیساباتی ئەمنی واشنتۆندا بەدی دەکرێت.
جگە لە هێزی مووشەکی، قەبارەی جوگرافیای ئێران، بڵاوبوونەوەی ژێرخانی بەرگری، ئەزموونی دەیان ساڵە لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە دەرەکییەکان و توانا سەربازییە نەناسراوەکان وایکردووە پلاندانان بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئێران پڕ بێت لە نادڵنیایی.
بە پێچەوانەی هەندێک ململانێی ناوچەیی کە ئەمریکا توانیویەتی بە باڵادەستی ئاسمانی یان بە لێدانی سنووردار ئامانجەکانی خۆی بگات، هیچ گەرەنتییەک نییە کە لەگەڵ ئێران ئەنجامێکی خێرا بەدەست بهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە هەر شەڕێکی بەرفراوان لەگەڵ ئێران تەنیا لە سنوورەکانی وڵاتدا سنووردار نابێت. ئاسایشی کەنداوی فارس، گەرووی هورمز، ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە و تەنانەت بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەتوانێ ڕاستەوخۆ کاریگەری لەم جۆرە ململانێیە بکەوێت. ئەم پرسە وایکردووە وڵاتانی عەرەبی کەنداوی فارس بیانەوێت قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکەن و درێژە بە ڕێگای دیپلۆماسی بدەن، لەبری ئەوەی پشتیوانی لە زیادبوونی گرژییەکان بکەن.
هەروەها هەلومەرجی ناو ئەمریکا زۆر لەبار نییە بۆ چوونە ناو شەڕێکی نوێ. خەرجییە سەربازییە قورسەکان، فشارە ئابوورییەکان، پێویستی پاراستنی ئامادەیی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان و نیگەرانییەکان لە دابەزینی کۆگاکانی چەک، هەموو ئەو هۆکارانەن کە وایکردووە بڕیاردەرانی ئەمریکا وریاتر بن.
هەروەها پێویستە لەم چوارچێوەیەدا هۆشداریی بەرپرسانی سەربازی سەبارەت بە دۆخی کۆگاکانی چەک شی بکرێتەوە؛ هۆشدارییەک کە نیشان دەدات واشنتۆن نایەوێت بچێتە ناو قەیرانێکەوە بەبێ ئامادەکاری تەواو کە کۆتاییەکی پێشبینی نەکراوە.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا پێدەچێت ستراتیژی ئیدارەی ترەمپ لەسەر بنەمای بەکارهێنانی دوو کەرەستە لە یەک کاتدا بێت؛ لە لایەک بە چڕکردنەوەی زمانی هەڕەشەکان هەوڵ دەدات فشاری دەروونی و سیاسی لەسەر ئێران زیاد بکات و پێگەیەکی باڵا لە دانوستانەکاندا بەدەست بهێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە بە پاراستنی کەناڵەکانی وتووێژ هەوڵ دەدات قەیرانەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.
ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە دەکرێ ناوی بنێین "دیپلۆماسی لە ژێر سایەی هەڕەشەکان"؛ سیاسەتێک کە ئامانجی بەکارهێنڵنی هەڕەشەکانە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی سیاسی نەک دەستپێکردنی شەڕ.
بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە هەڕەشە سەربازییەکان دەتوانن کاریگەر بن کاتێک لایەنی بەرامبەر هیچ گومانێکی لە ئیرادە و توانای جێبەجێکردنی نەبێت.
ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیامە دژبەیەکانەی لە ناو کۆشکی سپییەوە دەگوازرێنەوە، پێدەچێت کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان قسەی میدیایی و هەڵسەنگاندنە ڕاستەقینەکانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەمریکادا هەبێت.
بە کورتی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن تەنیا هەواڵێک نییە سەبارەت بە جیاوازیی تێڕوانینەکان لە واشنتۆن، بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە حیساباتە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بەرەو ئێران.
ئەزموونی شەڕی ئەم دواییە، زیادبوونی تێچووی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی، نیگەرانی ناوخۆیی و دژایەتی هاوپەیمانانی ناوچەیی هەموویان نیشان دەدەن کە بژاردەی سەربازی بۆتە ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر دانوستانەکان نەک بڕیارێکی ئۆپەراسیۆنی.
بۆیە تا هاوسەنگی ڕێگریکردن لەم فۆرمەی ئێستای خۆیدا بمێنێتەوە، ئەگەری ئەوەی کە ئەمریکا ڕێگەی دیپلۆماسی بەسەر شەڕدا بە باشتر بزانێت، ئەگەری ئەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرا.
Your Comment